ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، بەهۆی بەردەوامیی دەستوەردان و فشارەكانی ئیدارەی سلێمانییەوە، دەست لە کار کێشانەوەی خۆی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کرد.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، ماوەیەکە گرژی و کێشە لە نێوان وەزارەتی دارایی و ئیدارەی سلێمانیدا سەری هەڵداوە و ئیدارەی سلێمانی، بەردەوام دەستوەردانی لە کاروباری داراییدا کردووە و ئەمەش وەزیری دارایی نیگەران کردووە.
لەسەر ئەم کێشەیە، سەرچاوەیەکی لە وەزارەتی دارایی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە بەرامبەر دەستوەردان، هەڕەشە و فشارە حزبییەکان بۆ سەر فەرمانبەر و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی لە سنووری سلێمانی، وەزیری دارایی بڕیاری داوە دەست لە کار بکێشێتەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هۆکاری سەرەکیی ئەم دەست لە کار کێشانەوەیە پەیوەندیی بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانوبەرەی میریی سلێمانییەوە هەیە، کە زیاتر لە هەفتەیەکە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا هیچ تۆمەتێکی لەسەری ساغ نەبووەتەوە، ئەمە جیالەوەی پرۆسەی دەستگیرکردنەکەی بەبێ پرس و ڕاوێژ بە وەزارەتی دارایی ئەنجام دراوە.
پایتەخت زانیویەتی، ماوەی دوو رۆژە وەزیری دارایی دەست لە کار کێشانەوەی پێشکەش کردووە و بۆ واز هێنانی لە پۆستەکەی، دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر بدرێت.