فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک دان بە بوونی هەڵەدا دەنێت لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی دژەتیرۆر لە پردێ، ئماژەش بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکات.

دوێنێ بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی وردی ڕووداوەکەی پردێ پێکهێنرا، لە ئێستادا دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردوو، تاوەکو ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.

کەمێک لەمەوبەر مەعن بەدا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیار لەسەر قەرەبووکردنەوەی ڕاستەوخۆی کەسوکاری هەردوو قوربانییەکە و قەرەبووکردنەوەی زیانە مادییەکانی شوێنی ڕووداوەکە دراوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان دان بە بوونی هەڵە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەنێت و دووپاتی دەکاتەوە کە هەموو ئەوانەی دەستیان لە کوژرانی ئەو دوو گەنجەدا هەبووە دەدرێنە دادگا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێبوار تەها، جێگری پارێزگاری کەرکووک جەختی لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری توند کردەوە تاوەکو ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی هەڵەی لەو جۆرە بگیڕێت، باسی لەوەکرد کە بەپێی یاسا هەردوو قوربانییەکە وەک شەهید تۆمار دەکرێن و تەواوی مافە یاساییەکانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.

ڕووداوەکە لە 27ی ئەیلوولی 2026 لە ناحیەی پردێ ڕوویدا، کاتێک هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بە گومانی هەبوونی چەکدارانی داعش هەڵیانکوتایە سەر مارکێتێک، لە ئەنجامدا بە هەڵە تەقە لە دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی موڕاد زانا و محەممەد هێمن کرا و شەهید کران.