سەرۆک بارزانی، دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ئامادەی تەواویان هەیە بۆ تێکشکاندنی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک.

کەمێک لەمەوبەر سەرۆک بارزانی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان بەپێی ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەرکەکانیان کۆتایی پێهێناوە، دوای ئەوەی لە جەنگی دژی تیرۆردا پاڵپشتیی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگەیان کرد و قوربانیی گەورەیان دا.

سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە، لەمەودوا بەپێی هەلومەرجەکان، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن ڕێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا سەرۆک بارزانی، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد بۆ ڕۆڵیان لە تێکشکاندنی داعشدا، و دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان نارد.

لە وەڵامی ئەو کەس و لایەنانەی کە نەمانی هاوپەیمانان وەک مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندووە، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، هەماهەنگیی زۆر باش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لەژێر ناوی داعش یان هەر ناوێکی تردا بێت. 

لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، هێزی پێشمەرگە و خەڵکی گیان فیدای کوردستان ئامادەن بەرگری لە خاک و خەڵک بڕکەن و هەموو دەستدرێژییەک تێکبشکێنن.