دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕێبەری ڕەوتی سەدر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی فەوجی ڕۆژی بەڵێندراو (لواء اليوم الموعود) و گۆڕینی سوپای ئیمام (جيش الإمام)ـی بۆ دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دەرکرد.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە (سەدر)، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کۆتایی بە سەردەمی ئەمریکا لە عێراق هات، هەروەها داوای لە سەرجەم لایەنەکان دەکات، سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن تاوەکو سوپای ئەمریکا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی داگیرکارییەوە بەر خاکی عێراق کەوتوون. 

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هۆشیاریی توندی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ دەربارەی هەر جۆرە دەستوەردانێک لە شوئونی ناوخۆیی و دەڵێت: "دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا ڕەنگە ببێتە هۆی بڕینی پەیوەندییەکان و ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان".

سەدر بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان سێ مەرجی سەرەکیی خستە ڕوو، کە بریتین لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە بەرنامەیەکی ڕوون کە جێگەی ڕەزامەندیی گەل و مرجەعییەت بێت، دەستبەرداربوونی سەرکردە سیاسییەکان لە دەسەڵات تاوەکو ڕێگە بۆ دەستوچاوی نوێ و پرۆسەی چاکسازی بڕەخسێت، لەگەڵ بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی هێزەکانی پاسەوانی سنوور.