وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر و سەرانسەری عێراق راگەیاند.

کەمێک لەمەوبەر شان پارنێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، کشانەوەی هێزەکان و کەلوپەلی سەربازیی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەرکی سەربازیی 12 ساڵەی هاوپەیمانان کە تێیدا داعش وەک هەڕەشەیەکی سەربازیی ڕێکخراو لە عێراق و ناوچەکەدا تێکشکێنرا.

گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، ئەم هەنگاوە گواستنەوەیە لە ئەرکێکی سەربازیی سەردەمی جەنگەوە بەرەو هەوڵێکی ئەمنی بە ڕابەرایەتیی عێراق کە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی ئەمنیی دوو قۆڵیی ئاساییترەوە پاڵپشتی دەکرێت.

شان پارنێڵ ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی ئامانجدار و پاڵپشتیی هەواڵگری بە هێزەکانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختی کردەوە، بەرپرسیارێتیی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی عێراق.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، واشنتن بە پابەندی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەمێنێتەوە و پاڵپشتی لە عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری دەکات، تاوەکو ببێتە بنەمایەک بۆ هاوکاریی قووڵتری بازرگانی، دیپلۆماسی و ئەمنی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.