بۆیەکەمجار لە مێژووی وڵاتی مەغریب، ئافرەتێک پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت و پارتەکەی بانگەشەی بەمۆدێرن کردنی کۆمەڵگا دەکات.
شا محەممەدی شەشەم، پاشای مەغریب فاتیمە مەنسووری 50 ساڵانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵات هەڵبژارد، دوای ئەوەی پارتە 'لیبراڵ - ناوەند'ـەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بە بردنەوەی 97 کورسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەمەش یەکەم ئافرەتە لە مێژووی وڵاتەکە ئەم پۆستە وەردەگرێت و لە دوای نەجلا بوودەن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی توونس، دووەمین ئافرەتە لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی پۆستی ببێتە سەرۆکوەزیران.
کۆشکی پاشا ڕایگەیاندووە، محەممەدی شەشەم داوای لە فاتیمە مەنسووری کردووە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت. پارتەکەی سەرۆکوەزیران بە ناوی 'شەفافیەت و مۆدێرنییەتی' لە ساڵی 2008 لەسەر پێشنیاری ڕاوێژکارانی پاشا دامەزرا و لەوکاتەوە لە دژی پارتی 'دادی ئیسلامی و پەرەپێدان' وەستاوەتەوە، بانگەشەی بەمۆدێرن کردنی کۆمەڵگە دەکات و بیروڕای عەلمانی دەردەبڕێت.
سیستەمی حکومڕانییەتی وڵاتی مەغریب پاشایەتی دەستوورییە، کە تێیدا پاشا دەسەڵاتێکی فراوانی بەسەر یاسای دەرەوە، بەرگری و چەند وەزارەتێکی دیکەی گرینگ هەیە. بەگوێرەی دەستووری مەغریب، پاشا سەرۆکوەزیرانی وڵات لە نێو ئەو حزبانە هەڵدەبژیرێت، کە زۆرترین کورسی لە پەرلەمان بەدەستهێناوە.
فاتیمە مەنسووری دەرچووی بەشی یاساییە و چاوەڕان دەکرێت حکومەتەکەی ناوبراو وەبەرهێنانێکی فراوان لە جامی جیهانی بکات، کە وا بڕیارە لە ساڵی 2030 لە وڵاتەکە بەڕێوەبچێت، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵئاوسانی ئابووری، زیادکردنی مووچەی کار و ڕەخساندنی هەلی کار دەدات.