دوای لێدوانەکەی محەممەد حاجی مەحموود بۆ قەرزی کارەبای گوڵەخانە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، کە ماوەی حەوت ساڵە گوڵەخانە پارەی کارەبایان نەداوە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای دەکات، کۆی بڕی تۆمارکراو 76 ملیۆن دینارە نەک 100 ملیۆن دینار، ئەم بڕەش بۆ یەک هاوبەش نییە، بەڵکو هەشت هاوبەشی جیاواز لە جۆرهکانی ماڵان، میری و کشتوکاڵی لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، بەشێکی زۆری ئەم 76 ملیۆن دینارە قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکییە، بەو پێیەی گوڵەخانە دوا جار حەوت ساڵ لەمەوبەر پارەی کارەبای داوە و بڕەکە قەرزی کەڵەکەبووی ئەو ماوەیەیە.
کارەبای سلێمانی جەخت دەکاتەوە، کەناڵی تەلەفزیۆنی و بارەگای سەرەکییان لە سلێمانی قەرزداری کارەبان، بە شێوەیەک بارەگا سەرەکییەکەیان لە سلێمانی دوایین جار لە ساڵی 2002 پارەی کارەبای داوە.
لە کۆتاییدا کارەبای سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە، کە تیمەکانی کارەبا چەندین جار بۆ پشکنین و بەدواداچوون سەردانی ئەم شوێنانەیان کردووە، بەڵام بەردەوام ڕێگرییان لێکراوە، هەروەها پشکنینی پسووڵەکان هیچ هەڵەیەکی لە بڕە تۆمارکراوەکاندا نەدۆزیوەتەوە.