ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەکجاری کۆتایی دێت.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان مانای نەهێشتنی هاوبەشی نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی دوو قۆڵیی پتەوە لەگەڵ وڵاتانی بەشدار بوو لە هاوپەیمانێتییەکەدا، بە مەبەستی بەردەوامیی هەماهەنگیی ئەمنی، هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ بوونیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان.

بەغدا و واشنتن لە ساڵی 2024 ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، بە قوربانیدانی عێراقییەکان و پاڵپشتیی هاوپەیمانان سەرکەوتن بەسەر داعشدا بەدەست هات، بەمەش زەمینە خۆش بوو بۆ چوونە ناو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشدا.

لەلایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی وەک 'ڕۆژی سەروەری عێراق' دیاری کردووە، بەم بۆنەیەشەوە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەیان وەک پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکاندا ڕاگەیاندووە.

هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سووریا جێگیر کرابوون.