دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری، بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی جەخت دەکاتەوە، کە هیچ بڕیارێک بۆ وەستاندنی کارپێکردنی کارتی زانیاری دەرنەچووە.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی روونیکردەوە، لە ئێستادا سەرجەم مامەڵەکانی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن.

 

دەربارەی ئاڵوگۆڕە نوێیەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا بەشێکی نوێ زیاد دەکرێت و لەلایەن ڕەگەزنامەی گشتییەوە سەرجەم پێداویستییەکان دابین کراون، بە مەبەستی ئەرشیڤکردنی زانیاریی خاوەن کارتەکان و ناردنیان بۆ سێرڤەری کارتی نیشتمانی.

 

بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە زانیاریی بێسەرچاوەی پەڕەکانی سۆشیال میدیا بەدوور بگرن.

 

کارتی زانیاری بەڵگەنامەیەکی فەرمییە دەدرێتە سەرۆکی خێزانەکان بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونیان. بەپێی ڕێنماییەکان، ئامادەبوونی سەرۆکی خێزان و هێنانی بەڵگەنامەی پشتیوانیی موختاری گەڕەک، لە مەرجە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی کارتەکەن.