شاهۆ نەجم کەرکووکی، لەبارەی شەهیدکردنی دوو گەنجە کوردەکەی ناحیەی پردێ پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە و ئەم کارەی دژەتیرۆری عێراق، بە ڕەفتارێکی نەگریس و ترسنۆکانە ناو دەبات.

 

ئەمڕۆ شاهۆ نەجم کەرکووکی، کەسایەتی دیاریی کەرکووک و کوردستان، لەبارەی ڕووداوەکەی پردێ کە دوو گەنجی کورد تێیدا شەهید کران، پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، ئۆپەڕاسیۆنەکەی دژەتیرۆری عێراق بە شێوەیەکی هەرەمەکی و دوور لە تەکنیکی سەربازی ئەنجام دراوە.



ئەو کەسایەتییە دیارەی کەرکووک، ڕەخنە لە مامەڵەی ئەو هێزە دەگرێت کە بەبێ پلان و بەبێ هیچ هەڵسەنگاندێک بۆ ناوچەیەکی سڤیل نشین، هاوشێوەی بەرەی جەنگ ڕەفتاریان کردووە و لە ئەنجامدا، دوو گەنجی کوردیان شەهید کردووە.

 

شاهۆ نەجم کەرکووکی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوا لە لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی پارێزگاکە دەکات، بەدواداچوونی ورد و بەپەلە بۆ ئەم ڕووداوە بکەن و ڕێگە نەدەن بە ئاسانی بەسەر لایەنە کەمتەرخەمەکان تێپەڕبێت.

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا شاهۆ نەجم کەرکووکی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ دانیشتووانی ناحیەی پردێ و خانەوادەی دوو گەنجەکە، سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەکانیان کرد.

 

ڕۆژی 27ی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق بە گومانی هەبوونی چەکدارانی داعش، ئۆپەڕاسیۆنێکیان لە ناحیەی پردێ ئەنجامدا و هەڵیانکوتایە سەر مارکێتێک، لە ئەنجامدا دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی 'موڕاد زانا و محەممەد هێمن' بە هەڵە تەقەیان لێکرا و شەهید کران.