وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا، لە ڕێگەی لێژنەیەکی تایبەتەوە بە زووترین کات دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بۆ سەر وەزارەتی دارایی بکرێت.
ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە بانکە تایبەتەکان هەبووە و جەختی لەسەر چارەسەرکردنیان بە زووترین کات کردەوە، تاوەکو خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن، هەروەها زیاتر لە 750 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) دانراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا، لە ڕێگەی لێژنەیەکی تایبەتەوە بە زووترین کات دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.