ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئیدارەی ئێستا یانەی هەولێر ئامادە نییە مووچەی وێنەگری یانەکەی بدات و لەسەر ئەوەی پایتەخت سپۆرت لێدوانی لێ وەرگرتووە و دەنگی گەیاندووە، سەرۆکی یانەی هەولێر هەڕەشەی رێگری کردن و داخستنی دەرگای یانەی هەولێر بەڕووی پایتەخت میدیا دەکات.

نێچیرڤان هەولێری، ماوەی دوو ساڵە بە مووچەی مانگانەی 350 هەزار دینار وێنەگری یانەی هەولێرە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئیدارەی یانەکە مووچەکەی پێ نەداوە و سەفین یاسین، سەرۆکی یانەکە ئامادە نییە بیبینێت و مووچەکەی پێ بدات.

دوای چەندین هەوڵی نێچیرڤان هەولێر، یانەی هەولێر مووچەکەی پێ نەداوە و دوێنی وێنەگری یانەی هەولێر، لە پەیجی یانەکە کۆمێنتی کردووە، کەچی بەرپرسانی ئەو یانەیە لە سۆشیال میدیا بلۆکیان کردووە و ئەو وێنەگرە هانای بۆ پایتەخت سپۆرت هێناوە تاوەکو دەنگی بگەیەنێت و پایتەخت دەنگی گەیاند، کەچی لەسەر ئەم لێدوانە سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر پەیوەندی بە پایتەخت میدیا کردووە و هەڕەشەی رێگری و رێگە نەدان بە چوونە ژوورەوەی پایتەخت سپۆرت دەکات بۆ ناو یاریگای فڕەنسۆ هەریری.

دەزگای میدیایی پایتەخت لێرەوە ڕایدەگەیەنێت، دامەزراوەی پایتەخت هەمیشە دەنگی ئەو کەسانە دەبێت کە ستەمیان لێ دەکرێت، هیچ هەڕەشە و ڕێگرییەک ناتوانێت لە کارەکانی بیوەستێنێت و ئێمە بەوپەڕێ ئەخڵاقی کاری رۆژنامەوانی، بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی ڕاستییەکان.

دامەزراوەی پایتەخت میدیا، وەرزشدۆستان، هاندەرانی یانەی هەولێر و وەرگرانی ئاگادار دەکاتەوە کە پایتەخت میدیا و پایتەخت سپۆرت، بە بەرزترین مۆڕاڵی ئیتیکی لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و هەمیشە خزمەت بە یانەی هەولێر و هاندەرانی دەکەن. جگەلەوە پایتەخت سپۆرت بە فەرمی لە لایەن فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق مۆڵەتی رووماڵی یارییەکانی پێدراوە و ستافەکەی دەتوانن بچنە نێو تەواو یاریگاکانی عێراق، بۆیە رێگریکردن لە ستافەکەی سەرپێچییەکی ڕوون و دژایەتییەکی ڕوونی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەبێت.

دامەزراوەی پایتەخت میدیا، بۆ خزمەتی کوردستان و خەڵک دامەزراوە و لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ئەگەر سەرۆکی یانەی هەولێر و بەرپرسانی رێگری لە چوونەوە ژوورەوەمان بکەن، ئێمە لە بەردەم یاریگای فڕەنسۆ هەریری خزمەتی یانەی هەولێر دەکەین، هەر لە بەردەم یاریگا دەنگی هاندەران دەگەیەنین و پشتیوانی یانەکە دەبین، چونکە یانەی هەولێر موڵکی هەولێرە و هیچ بەرپرسێکی یانەکە، ناتوانێت لە پێناو بەرژەوەندی کەسی رێگری لە دەنگی ڕاستی و گواستنەوەی جوانییەکانی یانەکە بکات.