دوای هەڕەشەکانی سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لە پایتەخت میدیا، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم هەڵسوکەوتە پێشێلکارییە بەرامبەر یاسای کاری ڕۆژنامەگەری.

 

کەمێک لەمەوبەر ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە ڕووی یاساییەوە، هەڵوێستی ئیدارەی یانەی هەولێر بەرامبەر پایتەخت میدیا پێشێلکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری (ژمارە 35ی ساڵی 2008ی هەرێمی کوردستان)ـە، بەتایبەت ماددەی 7/ دووەم کە جەخت لەسەر مافی ڕۆژنامەنووس لە بەدەستهێنان و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بەشداریکردن لە چالاکییە گشتییەکاندا دەکاتەوە، بەمەش ڕێگری لە ڕووماڵکردن لە یاریگایەکی گشتیدا، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەم مافەیە. 

 

لە سەرئەنجامی ئەم پێشێلكارییانەدا، کاشما فارووق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا بە تووندی ئیدانەی ئەم ڕێگری و هەڕەشانە دەکات.

 

ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا جەخت لەسەر گەیاندنی دەنگی ئازاد، پاراستنی مافی ڕاگەیاندنکاران و داکۆکیکردن لە ئازادیی دەربڕین دەکاتەوە، لەگەڵ وەستانەوە بەرامبەر هەر هەوڵێک کە ئامانجی کپکردنی دەنگی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و داپۆشینی کەمتەرخەمییەکان بێت، هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی پێشێلکارییە ناوخۆییەکان بۆ ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی دەرەوە دووپات دەکاتەوە. 

 

ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا ڕوونیکردەوە، لەماوەیەکی نزیکدا بە بەڵگەنامەوە دۆخی کاری ئازادی ڕۆژنامەنووسی پێشکەشی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە دەکات کە داکۆکی لە ئازادیی ڕاگەیاندن دەکەن، تاوەکو ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی دروستکردنی فشار و ڕاستکردنەوەی ئاراستەی ئازادیی میدیا لە هەرێمی کوردستان.