مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک لەبارەی شەهیدبوونی دوو مێرمنداڵی کورد لە پردێ، داوای لێکۆڵێنەوە و گرتنەبەری ڕێکاری "توند بەرامبەر بە کەمتەرخەمان" لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسی: "ڕووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونی دوو لاوی کورد، هۆکاری خەم و پەژارەیەکی زۆرە بۆ هەموومان. ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای دەربڕینی دڵگرانی خۆمان، سەروخۆشیمان بۆ خانەوادەی ئەم شەهیدانە، ڕایدەگەیەنین کە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل، ئەرکێکی سەرەکی و لەپێشینەی هەموو لایەکە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بەپەلە لێژنەیەکی تایبەت و دادپەروەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوەی شارۆچکەی پردێ پێکبهێنێت، تاوەکو ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بە کەمترخەمان بگیرێتە بەر.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی جەخت دەکاتەوە، هێزە ئەمنییە فەرمییەکان پێویستە هەمیشە پارێزەری ڕاستەقینەی ئارامی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان بن و بەوپەڕی بەرپرسیارییەوە مامەڵە بکەن، بەدیقەت و وریاییەوە ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، چونکە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان ئەرکی لەپێشینەیە. پێویستە لە هەر هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دژبە تیرۆر، هاووڵاتییانی سڤیل لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە و گیانیان پارێزراو بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر داعش هێرشی کردە سەر شارۆچکەی پردێ و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش، دوو مێرمنداڵی کورد لەم نێوەندەدا کوژران. ئەمڕۆ محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک بڕیاری دا محەممەد هێمنی 14 ساڵان، ئەو مێردمنداڵەی لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقەوە بە گومانی داعشبوون کوژرا، وەک 'شەهید' هەژمار بکرێت.