کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نیگەرانیی ئەمنی دروست کردووە و فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی کورد هۆشداری لە دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی ڕێکخراوی داعش دەدات.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مەترسیی ژیانەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعشی لێ دەکەوێتەوە.
سیروان بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، نەمانی زانیاریی هەواڵگریی ئەمریکی، پشتیوانیی لۆجستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەرفەت دەداتە داعش خۆی ڕێک بخاتەوە.
ناوبراو ئاشکرای کردووە زیاتر لە 2 هەفتەیە جووڵەی شانە نووستووەکان زیادی کردووە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کشانەوەی فەرمیی هاوپەیمانان تا کۆتاییی مانگی ئەیلوول، ئەوەش ورەی چەکدارانی داعشی بەرز کردووەتەوە.
سیروان بارزانی ڕوونیشی کردەوە، ڕێکخراوی داعش، سەرەڕای تێکشکانی دەسەڵاتەکەی لە عێراق لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵی ڕابردوودا، هێشتا تۆڕێکی لە شانە نووستووەکان لە ناوچە شاخاوی و بیابانییەکاندا هێشتووەتەوە.
بە گوتەی ئەم فەرماندەیە، چەکدارانی ئەم گرووپە لە ڕابردوودا سێیەکی خاکی عێراقیان داگیر کرد و هەزاران سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنییان کوشت؛ پسپۆڕانی سەربازیش دووپاتی دەکەنەوە کە بۆشاییی فڕۆکە چاودێرییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی، ڕێگە بۆ هێرشە لەناکاوەکانی چەکدارە پاشماوەکان ئاسانتر دەکات.
عێراق و ئەمریکا، لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکەیان لە وڵاتەکەدا؛ ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی نیگەرانی لەبارەی توانای هێزە ناوخۆیییەکان بۆ پاراستنی هەمیشەییی ئاسایش.