لە عێراق بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 10 فەرمانبەری کەرتی تەندروستی بە تۆمەتی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی گشتی جێبەجێ کرا.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە پارێزگای موسەننا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 10 فەرمانبەری نەخۆشخانەیەکی شاری سەماوە جێبەجێ کردووە؛ هۆکاری دەستگیرکردنەکەش بۆ دەستکاریکردنی پسوولەی وەرگرتنی پارەی پەڕاوی نەخۆشان و بردن و ساغکردنەوەی ئەو داهاتانە بە شێوەیەکی نایاسایی دەگەڕێتەوە.
دادوەری لێکۆڵینەوە، بە پشتبەستن بە ماددەی 315 لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری پشکنین و دەستگیرکردنی بۆ ئەو کارمەندانەی نەخۆشخانەکە دەرکردووە. لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە دەست بەسەر زیاتر لە 1000 پەڕاوی نەخۆشانی ساڵانی 2024 و 2025 و 2026دا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، وردبینییەکان دەریانخستووە نزیکەی 800 پەڕاو بێ پسوولەی وەرگرتنی پارە بوون، نزیکەی 200 پەڕاوی تریش پسوولەیان بە ناوی کەسانی ترەوە بۆ بڕاوە و ناوی ڕاستەقینەی نەخۆشەکانیان شاردووەتەوە. سەرجەم تۆمەتباران دوای وەرگرتنی وتەکانیان، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لە پەڕاوی دادوەریدا ڕاگیراون.
دامەزراوە تەندروستییەکانی عێراق بەردەوام ڕووبەڕووی چاودێریی توند دەبنەوە، تا ڕێگری لە کەلێنە کارگێڕییەکان و بەهەدەردانی داهاتی نەخۆشخانەکان بکرێت. یاسای سزادانی عێراقی سزای قورسی بۆ هەر فەرمانبەرێکی حکوومەت دیاری کردووە کە پارەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنێت.