چین لە پێشبڕکێیەکی نوێدا لەگەڵ ئەمریکا، پلانی دروستکردنی یەکەم نەخشەی جیۆلۆجی تەواوی ڕووی مەریخی بە ژیریی دەستکرد تا کۆتاییی ساڵی 2028 ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی شینخوا لە زاری هۆو زێنگچیان، سەرۆکی زانایانی ئەرکی داهاتووی مەریخ لە چین بڵاوی کردەوە، ئەم نەخشەیە سەرجەم ڕووی هەسارە سوورەکە دەگرێتەوە و دەبێتە پێوەرێکی جیهانی بۆ مێژووی جیۆلۆجیی هەسارەکە.
ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێکی سەرەکی لە ئامادەکارییەکانی ئەرکی تیانوێن 3 دادەنرێت، کە لە کۆتاییی ساڵی 2028 هەڵدەدرێت بە مەبەستی هێنانەوەی 500 گرام لە نموونەی خاکی مەریخ بۆ سەر زەوی تا دەوروبەری ساڵی 2031.
ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربکەوێت، پەکین دەبێتە یەکەم وڵات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە خاکی مەریخ دەهێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پرۆگرامی هاوبەشی ناسا و دەزگای بۆشاییی ئەوروپا بەهۆی تێچووی 11 ملیار دۆلاری و دواکەوتنی بۆ ساڵی 2040، لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە بودجەکەی ڕاگیراوە.
نەخشە نوێیەکە پشت بە داتاکانی گەڕۆکی ژو ڕۆنگ دەبەستێت، کە لە ساڵی 2021 لەسەر مەریخ نیشتەوە و بەڵگەی لەسەر بوونی زەریایەکی دێرین لە 3.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر لەسەر هەسارەکە دۆزییەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی 1965 بە کەشتیی مارینەر 4 یەکەم وێنەی نزیکی مەریخی گرت و پێشەنگی گەڕان بووە لە هەسارەکەدا، بەڵام قەیرانی داراییی ناسا مەترسیی لەدەستدانی ئەم پێگەیەی لە بەرامبەر چین دروست کردووە.