لە ئەمریکا دەزگا ئەمنییەکان سەرکردەیەکی باڵای گرووپێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتییان خستە لیستی 10 داواکراوترین کەسانی جیهان.

 

ئەمڕۆ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) ڕایگەیاند، ساتیندەرجیت سینگ، ناسراو بە گۆڵدی برار، وەک یەکێک لە مەترسیدارترین داواکراوەکان دەستنیشان کراوە و بڕی 1 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت بۆ هەر زانیارییەک دیاری کراوە کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.

 

نووسینگەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ناوبراو پێوەندییەکی بەهێزی بە ڕێکخراوی تاوانکاریی 'لۆرێنس بیشنۆی'یەوە هەیە و تاوانەکانی ناوچەکانی باشووری کالیفۆرنیا و سەرتاسەری ئەمریکا و کەنەدا دەگرێتەوە؛ ئاژانسە ئەمنییەکە هۆشداریشی داوە کە تۆمەتبارەکە چەکدارە و زۆر مەترسیدارە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات لێی نزیک نەبنەوە.

 

بەگوێرەی تۆمەتە فەرمییەکان، سینگ لە ئەمریکاوە سەرکردایەتیی چالاکییەکانی ئەم باندەی لە کیشوەری ئەمریکای باکوور کردووە؛ دەستی لە داڕشتنی پیلانی کوشتنی کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان، تەقەکردن، ڕفاندن، سەرانەسەندن و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەکدا هەبووە.

 

دادگای فیدراڵی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی ڕێکخراو و تێکدانی بازرگانی بۆ دەرکردووە؛ ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵیی چەندین ساڵەدایە دژ بە باندە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان کە بنکەی سەرەکییان لە هیندستانە.

 

لیستی 10 داواکراوترین کەسانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، یەکێکە لە گرنگترین میکانیزمە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی مەترسیدارترین تاوانبارانی جیهان؛ دەسەڵاتدارانی حکوومەت لە ئەمریکا لە ڕێگەی دیاریکردنی پاداشتی داراییی ملیۆنییەوە هەوڵ دەدەن سنوورێک بۆ جموجۆڵی ئەم جۆرە تۆڕە مەترسیدارانە دابنێن.