گفتوگۆکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی شایستە دارایییەکان و پشکی بودجە چڕتر بوونەتەوە.

 

ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادر لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەت کە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان پێک دێت، خۆی بۆ سەردانێکی نوێ بۆ بەغدا ئامادە دەکات، ئەم سەردانە بە مەبەستی درێژەدانە بە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە دارایییەکانی فەرمانبەران.

 

بەپێی زانیاریەکاننی سەرچاوەکە، شاندە تەکنیکییەکە تا ئێستا سێ جار سەردانی بەغدای کردووە و لە دوایین کۆبوونەوەدا پێشنیاز و سەرنجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی لایەنی بەرامبەر کردووە، ئامانج لەم کۆبوونەوە بەردەوامانە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان، بەر لەوەی ڕەشنووسەکە لە ئەنجومەنی وەزاریی ئابوورییەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت.

 

پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و شایستە دارایییەکانی فەرمانبەران، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ناکۆکی و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردوولا لە ڕێگەی لێژنە پسپۆڕییەکانەوە بەردەوام هەوڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو پرسانە لە چوارچێوەی دەستووردا دەدەن.

 

لە 27ـی ئەلوولی ئەمساڵدا، بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2027، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی ئامادەکردن، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕادەستی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری کرا و ئەنجومەنەکەش پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد و بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ڕەوانەی کرد.

 

پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027، لەسەر بنەمای پڕۆگرام و ئامانجەکانی حکومەت ئامادە کراوە و ڕەچاوی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، زیادکردنی داهاتە نا نەوتییەکان و سەقامگیریی دارایی دەکات، هەروەها وەزارەتی دارایی دەڵێت لە پڕۆژەکەدا سیستەمی نوێی 'بودجەی بەرنامە و ئەنجام' بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.