بەهۆی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری ئاگربەستی یەک هەفتەیی وڵاتی ئێران لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و گەیشتە زیاتر لە 106 دۆلار.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئاکسیۆس بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری ئێرانی بۆ ئاگربەستی حەوت ڕۆژە و کردنەوەی گەرووی هورمز ڕەت کردەوە که ئێران لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە بەردەم کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو پێشنیارە پەسەند ناکات و لە ئاستی خواستی واشنتندا نییە، سەرەڕای ئەمەش، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد پێشبینی دەکات دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە و ئەگەری هەیە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەڕێوە بچێت.
تاران سوورە لەسەر مەرجەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، لەوانە ئازادکردنی سامانی سڕکراوەکانی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوت و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی.
ڕەتکردنەوەی ئەم پێشنیارەی ئێران لەلایەن ترەمپەوە، بووە هۆی دابەزینی بازاڕی پشکەکان لە ژمارەیەک وڵاتی وەک کۆریای باشوور و ژاپۆن و فلیپین، لە هەمان کاتدا نیگەرانیی بانکە ناوەندییەکانی لە ئەگەری بەرزکردنەوەی دووبارەی ڕێژەی سوود بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان زیاد کرد.
هەروەها، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی بەخۆیەوە بینی بەم جۆرەی خوارەوە:
• نەوتی برێنت لە دەریای باکوور: بە ڕێژەی 1.8 لەسەد بەرز بووەوە و گەیشتە 106.19 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
• نەوتی خاوی تەکساس: بە ڕێژەی 1.0 لەسەد بەرز بووەوە و گەیشتە 93.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
• پێوەری نیکی 225 لە تۆکیۆ: بە ڕێژەی 0.3 لەسەد دابەزی و گەیشتە 66188.90 خاڵ.
• پێوەری هانگ سێنگ لە هۆنگ کۆنگ: بە ڕێژەی 0.7 لەسەد بەرز بووەوە و گەیشتە 24676.45 خاڵ.
• پێوەری شەنگەهای: بە ڕێژەی 1.7 لەسەد دابەزی و گەیشتە 3820.82 خاڵ.
• پێوەری داوجۆنز لە نیویۆرک: بە ڕێژەی 0.9 لەسەد بەرز بووەوە و گەیشتە 51828.62 خاڵ.
• پاوەندی بەریتانی بەرامبەر دۆلار: دابەزی بۆ 1.3241 دۆلار.
• یۆرۆ بەرامبەر دۆلار: دابەزی بۆ 1.1386 دۆلار.
• دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر یەنی ژاپۆنی: بەرز بووەوە بۆ 157.83 یەن.
گەرووی هورمز و بابولمەندەب، بە گرنگترین شاڕێگەی دەریایی بۆ گواستنەوەی وزە لە سەرانسەری جیهاندا دادەنرێن، هەر جۆرە پەرەسەندنێکی گرژییە سەربازییەکان لەم ناوچە هەستیارەدا ڕاستەوخۆ تێچووی گواستنەوە بەرز دەکاتەوە و ئاسایشی وزەی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.