کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە و وەزارەتی پێشمەرگە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەبێ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە مایەی نیگەرانی ناو دەبات.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە 30ی ئەیلولدا، دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوە کرد، ئەم کشانەوەیە لە کاتێکی هەستیاردایە بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1000 جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی گیانی و ماددییان لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات، لەوەی جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری بەڕێوە دەچێت.

لە کۆتاییدا وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە، پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی فیدراڵ، ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی بەغدایە کە بەرپرسیارییەتیی لەئەستۆ بگرێت.