لە کاتێکدا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە چاوی چاوەڕوانییەوە چاویان لە خشتەی نوێی مووچەیە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی داراییەوە ئاشکرای دەکات کە بۆ ئەم مانگە چاوەڕوان دەکرێت، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە چەند رۆژێک لە وادەی پێشبینیکراوی خۆی دوا بکەوێت.
چاوەڕوان دەکرا سەرەتای ئەم هەفتەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە و تەواوی زانیارییەکانی بۆ بەغدا بنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەنێردراوە و پایتەخت میدیا، هۆکاری دواکەوتن و نەناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە ئاشکرا دەکات.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ئامادەکردنی لیستی مووچەی ئەم مانگە بۆ دوو خاڵی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان، سەرقاڵبوونی تیمەکانی وەزارەتی دارایی بە پرۆسەی یەکخستنەوەی چەند بانکێک و تێکەڵکردنی هەندێک یەکەی ژمێریاریی، کە ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی وردی کاری فەرمانبەران و چارەسەرکردنی کۆمەڵێک گیروگریفی تەکنیکی هەبووە. هۆکاری دووەمیشیان، پەیوەندی بەوە هەیە کە لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا، سەرجەم چالاکی و کارەکانی دیکەی وەزارەت رادەگیرێن و تەواوی تواناکان بۆ بەڕێوەچوونی خێرا و رێکی دابەشکردنی مووچە چڕدەکرێنەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی ناردنی لیستەکە بۆ بەغدا، هەمان سەرچاوە ئەوەی خستەڕوو کە هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکو لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئاب پێکەوە تەواو بکرێن و دەستبەجێ ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێن، بەڵام ئەگەر بەهۆی زۆری کارە تەکنیکییەکانەوە لەم هەفتەیەدا کارەکان تەواو نەکرێن، ئەوا بێگومان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لیستەکە بە فەرمی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکرێت.
نەناردنی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە کاتێکدایە، کە ئێستا دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی فیدڕاڵ دەستیپێکردووە و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مانگانە دوایی دابەشکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق، دەست بە پارەدارکردنی وەزارەتی دارایی هەرێم دەکات.