سەرۆک بارزانی، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە، چەندین زانیاری و هەڵوێستی چارەنووسسازی لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، مەترسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکان و ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت ئاشکرا کرد.
سەرۆک بارزانی، لە بەشێکی لێدوانەکانیدا تیشکی خستە سەر پرسی چەکدارانی دەرەوەی یاسا و ڕێککەوتنی 30ی ئەیلوول بۆ داماڵینی چەک و ڕایگەیاند، هیوادارە ئەم بابەتە نەگاتە شەڕ و پێکدادان، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندیی عێراق، هەرێمی کوردستان و هیچ لایەنێکدا نییە.
سەرۆک بارزانی، هۆشداریی دا لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 و گەڕانەوەی داعش، هاوکات گوتی: "حوکمڕانی لە عێراق بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر ناتەواو و ئیفلیج دەبێت."
سەرۆک بارزانی ڕوونی کردەوە کە چارەسەرکردنی پرسی چەک لە ماوەیەکی دیاریکراودا وەک 30ـی ئەیلوول کارێکی سەختە و ئەگەر چەندین مانگی تریشی پێ بچێت، گرنگ ئەوەیە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، بەڵام سوودمەندبووان لەم دۆخە بە ئاسانی چەکەکانیان دانانێن.
بە بڕوای سەرۆک بارزانی، پێویستە چەک لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بێت نەک بە ئارەزووی تاکەکەسی، چونکە ئەگەر ئەمریکا سزای بەسەردا بسەپێنێت، عێراق تووشی دابڕانی نێودەوڵەتی و کێشەی گەورە دەبێتەوە.
دەربارەی بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی عێراق، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد کە پارتی دوای ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانگێڕییەکی قێزەون لە لایەن هەندێک لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک لە سوننەکان گەڕایەوە بەغدا.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بوونی ڕێککەوتننامەیەکی نووسراو کرد کە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و هادی عامری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆ کراوە، و جەختی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنە بنەمای بەشداریکردنیان بووە لە کابینەی نوێ و پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بە پێچەوانەوە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا نامێنێتەوە.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە پارتی لە پێناو پۆست و وەزیردا نەچووەتە بەغدا، بەڵکو مەبەست پاراستنی هاوبەشی، هاوسەنگی، تەوافوق و مافە دەستوورییەکانی وەک ماددەی 140 و یاسای نەوت و گازە.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی دیدارهكهیدا ڕەخنەی لە پەراوێزخستنی پێکهاتەکان گرت و ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق بەردەوام دەسەڵاتەکانیان سنووردار کراوە و تا ڕادەیەک ئیرادەیان لێ زەوت کراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا زۆربەی دەسەڵاتەکان لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە و دەسەڵات بووەتە حوکمی پێکهاتەیەکی دیاریکراو، ئەمەش بە هەڵەیەکی گەورە لە قەڵەم دا، چونکە هیچ پێکهاتەیەک بە تەنیا ناتوانێت عێراق بەڕێوە ببات و بەبێ ڕەوتی سەدر و پارتی، پرۆسەی حوکمڕانی ئیفلیج دەبێت.
لە لایەکی ترەوە سەرۆک بارزانی، یادی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی ساڵی 2011ی هێنایەوە، کاتێک نزیکەی 100 هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا بوون و لایەنەکان لەسەر کشانەوەیان کۆببوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا لە وەزیری بەرگری پرسیبوو ئایا توانای پاراستنی وڵاتت هەیە؟ وەزیر گوتبووی هیچ توانایەکم نییە، هەروەها وەزیری ناوخۆش دانی بەوەدا نابوو کە توانای پاراستنی بنکەیەکی پۆلیسیشی نییە. سەرۆک بارزانی هۆشداری دابوو کە کشانەوەی بێ ڕێککەوتن وڵات تووشی کارەسات دەکات، بەڵام ململانێی سیاسی بووە هۆی کشانەوەی هێزەکان و دواتر لە ساڵی 2014 هاتنی داعش، کە وای لە حکومەتی عێراق کرد پەنا بۆ هاوپەیمانان بەرێت و تکای هاوکاری بکات.
ئەم پەیامانەی سەرۆک بارزانی لە کاتێکدایە کە عێراق لەبەردەم وادەی جێبەجێکردنی بڕیارە ئەمنییەکان، فشارە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدایە و داهاتووی پرۆسەی سیاسی لەژێر تاقیکردنەوەیەکی هەستیاردایە.