دەستەیەکی دادوەری لە ئەمریکا کۆمپانیایەکی زەبەلاحی بواری ئەلیکترۆنیاتی بە پێدانی قەرەبوویەکی پێوانەیی بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار سزا دا.
ئەمڕۆ کەناڵی سی ئێن بی سیی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، دەستەی سوێندخواردن لە دادگای فیدراڵیی کالیفۆرنیا بڕیاری دا، کۆمپانیای ئەپڵ بڕی 5.72 ملیار دۆلار قرەبوو بداتە کۆمپانیای تاکشن تەکنەلۆجی بەهۆی پێشێلکردنی مافی داهێنانی بزوێنەری تایبەت بە لەرینەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوەدێت، کە کۆمپانیای تاکشن تەکنەلۆجی ئەپڵی تۆمەتبار کردووە بەوەی تەکنەلۆجیای تایبەتی ئەو کۆمپانیایەی لە سیستەمی هاپتیک ئەنجنی مۆبایلەکانی ئایفۆن و کاتژمێرە زیرەکەکانیدا بەبێ مۆڵەت بەکار هێناوە.
دوای ئەم بڕیارە، کۆمپانیای ئەپڵ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ناڕەزایەتیی خۆی لە دژی بڕیارەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، سیستەمی ئامێرەکانی بە تەواوی لە داهێنانی لایەنی بەرامبەر جیاوازە، هەربۆیە تانە لە بڕیارەکە دەدات، لە بەشێکی تری بڕیارەکەدا دادگا ئاماژەی بەوە کردووە ئەپڵ بە ئەنقەست ئەو مافەی پێشێل نەکردووە، لەبەرئەوە بڕی قەرەبووەکە سێ هێندە زیاد نەکراوە.
لە دادگاکانی ئەمریکادا، دیاریکردنی قەرەبووی داراییی گەورە لە کەیسەکانی مافی داهێناندا شتێکی باوە، زۆربەی کات لە قۆناغی تانەلێدان و پێداچوونەوەدا ئەم جۆرە سزایانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکرێنەوە یان هەڵدەوەشێنرێنەو.