کەمێک پێش ئێستا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەی وەکوو پشووی فەرمی ڕاگەیاند؛ ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵیدا کە دەوامی سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومییەکان ڕادەگرێت.
لەبارەی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و کەیسی دەستگیرکراوانی لالەزار، پایتەخت میدیا پێوەندیی بە دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی کرد و ناوبراو ڕایگەیاند، دانیشتنی دادگا بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخرێت.
دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە کرد، دادگاییکردنەکە کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە بچێت دوا خراوە؛ هۆکارەکەشی بۆ ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا دەگەڕێتەوە بە بۆنەی 'ڕۆژی سەروەریی نیشتمانی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا'.
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی دووپاتی کردەوە، لە هەفتەی داهاتوودا دادگای سلێمانی وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە دیاری دەکات و تیمی پارێزەرانیشی لێ ئاگادار دەکاتەوە.
دواخستنی دادگاییکردنەکە لە کاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتندا، کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق دەست پێبکات.