دوای کەمتر لە مانگێک لە داخستنی، ئەمڕۆ نووسینگەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە شاری کەرکووک کرانەوە.
کەمێک لەمەوبەر محەممەد وەهاب، پەیامنێری پایتەخت میدیا لە کەرکووک ڕوونیکردەوە، نووسینگەی کۆڕەک تیلیکۆم لە شارەکە بە ڕووی بەشداربوواندا کراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، بڕیارە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عێراق نووسینگە و بنکەکانی ئەو کۆمپانیایە دووبارە بکرێنەوە.
پێشتر لە ڕۆژی 6-9-2026 دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سەردانێکی مەیدانییان بۆ پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین ئەنجام دا و بنکەکانی کۆمپانیاکەیان لەو سێ پارێزگایە داخست.
ا
دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی کۆمپانیاکەی دابوو، ئەوەش بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی و پابەندنەبوونی بە مەرجەکان، کە بڕیاری ڕاگرتنی تەواوەتیی تۆڕەکەی بەدوای خۆیدا هێنابوو.