فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف لە عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوودا.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاوی کردەوە، یاسر عەبدولزەهرا حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە ئێران ڕایگەیاندووە، فڕۆکەخانەی نەجەف لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەرگاکانی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێراندا دەکاتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە حکومەتی عێراق بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەوڵی چڕ دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
باڵیۆزی عێراق لە ئێران ڕوونی کردەوە، هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران دەرنەچووە، بەڵکوو کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی زەمینی بەهۆی ترسیان لە سزاکانی ئەمەریکا هۆکاری پەککەوتنی گەشتەکان بووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، بەغدا گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن دەست پێ کردووە بۆ بەدەستهێنانی بەخشین لە سزاکان بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق بە مەبەستی گواستنەوەی نەخۆش، خوێندکار و زیارەتکاران.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕاوەستابوون و هاووڵاتییان ناچار بوون پەنا بۆ دەروازە وشکانییەکان بەرن.