پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان نزم دەبنەوە و کەشناسی و شارەزایانی کەشوهەوا وادەی کۆتاییهاتنی گەرمای هاوین، دەستپێکی بارانبارین و چۆنیەتی گەیشتنی بارستە هەوایەکی فێنک بۆ ناوچەکە ئاشکرا دەکەن، هاوکات هۆشداریی بەپەلە ئاراستەی جووتیاران دەکرێت تا دەغڵودانەکانیان لە مەترسیی بارانی لهناکاو بپارێزن.
ئهمڕۆ بهشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاو كردهوه و تیایدا دهردهكهوێت گۆڕانکاریی گهوره ڕوو دهدات. پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو نزم دەبنەوە و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 27-09-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێراییی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، ئاراستەکەشی بەرەو باکووری خۆرئاوا دەبێت و مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت.
بۆ سبەی دووشەممە 28-09-2026، بهپێی كهشناسی كوردستان پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 2 بۆ 3 پلەی تر دابەزن و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئاسمان لە هەندێک کاتدا ببێتە نیمچە هەور.
لە لایەکی ترەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، وردەکاریی زیاتری لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی فێنک ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە سبەی دووشەممەوە کاریگەریی سەرەتاییی بارستە هەوایەکی فێنکی دەریای ناوەڕاست دەگاتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. بەهۆی ئەم بارستە هەوایەوە، پلەکانی گەرما 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبنەوە.
ئاراس جەبار دەربارەی دۆخی ئاسمان و ئەگەری بارانبارین ئاماژەی بەوە کرد، ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری ساماڵ دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا پەڵە هەور دروست دەبێت. لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە بە شێوەیەکی کورتخایەن ئەگەری بروسکە و بڕێک بارانی کەم دەبێت.
ئەم شارەزایەی کەشناسی جەختیشی کردەوە کە لە ڕۆژی سێشەممەوە کاریگەریی ئەو بارستە هەوا فێنکە زیاتر و فراوانتر دەبێت، بە جۆرێک پلەکانی گەرما بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزن و کەشوهەوا بە تەواوی ڕوو لە فێنکی دەکات.
هاوکات، هەڤاڵ سهدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، مژدەی ماڵئاواییکردن لە وەرزی گەرمای ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئامێرەکانی فێنککەرەوە و موبەریدە بە یەکجاری بکوژێننەوە و کۆیان بکەنەوە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە ئەو گەرمایەی ئێستا هەستی پێ دەکرێت کاتییە و هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ لە هەوادا دەگەڕێتەوە.
هەڤاڵ سهدیق گەڵۆزی هۆشدارییەکی گرنگی دایە جووتیارانی هەرێمی کوردستان و داوای لێکردن، بە زووترین کات پووش و پەڵاش، کا، جۆ و گەنمەکانیان کۆبکەنەوە کە لەسەر زەوی ڕایانخستووە.
ئاشکرای کرد کە چەند ڕۆژێکی زۆر کەم ماوە بۆ چوونە نێو وەرزی نوێی بارانبارینی ئەمساڵ، بارانێکی باش بەڕێوەیە و ئەگەری زۆر هەیە لە ناوچە شاخاوییەکاندا بارانی پەڵە ببارێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی لە شار و ناوچە جیاوازەکان بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: ئەمڕۆ 39 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 36 پلەی سیلیزی.
سلێمانی: ئەمڕۆ 37 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 35 پلەی سیلیزی.
دهۆک: ئەمڕۆ 37 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 34 پلەی سیلیزی.
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 38 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 36 پلەی سیلیزی.
گەرمیان: ئەمڕۆ 42 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 40 پلەی سیلیزی.
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 40 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 37 پلەی سیلیزی.
زاخۆ: ئەمڕۆ 39 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 36 پلەی سیلیزی.
ئاکرێ: ئەمڕۆ 38 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 36 پلەی سیلیزی.
سۆران: ئەمڕۆ 37 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 34 پلەی سیلیزی.
پیرمام: ئەمڕۆ 36 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 34 پلەی سیلیزی.
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 26 پلە، سبەی دادەبەزێت بۆ 25 پلەی سیلیزی.
هاتنی ئەم بارستە هەوا فێنکە لە کۆتاییی مانگی ئەیلولدا، وەک وەرچەرخانێکی وەرزی دادەنرێت لە کەشوهەوای ناوچەکەدا، کە کۆتایی بە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین دەهێنێت و ئامادەکارییە بۆ دەستپێکی وەرزی نوێی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.