ماوەی چەند ڕۆژێکە، کرێی گواستنەوە لە نێوان سلێمانی و شارەکانی ئیدارەی ڕاپەڕیندا (ڕانیە و قەڵادزێ) بە بڕی 1000 تا 2000 دینار بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سەرجەم شۆفێرانی تاکسی و پاسی گواستنەوەی هێڵی سلێمانی بۆ ڕانیە و قەڵادزێیان ئاگادار کردووەتەوە کە بەفەرمی داواکارییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی کرێی گواستنەوە پێشکەش بکەن.
سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دووپاتی کردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە، کرێی گواستنەوە لە هێڵەکاندا بەرز بووەتەوە.
ئازاد ئەحمەد باسی لەوە کرد، لە ئێستادا پڕۆسەی بەرزبوونەوەی نرخەکان وەستاوە و کرێی گواستنەوە وەک شێوازی پێشوو جێبەجێ دەکرێت.
لای خۆیەوە جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی کرێی هێڵەکان ڕانەگیراوە و پڕۆسەکە بەردەوامە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە داوایان لە سەرجەم شۆفێرانی تاکسی و پاس کردووە کۆ ببنەوە، تاکوو گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکرێت.
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو، کێشەی سەرەکی شۆفێران پەیوەندیدارە بە بەنزینخانەکانەوە، چونکە ئەو وێستگانەی بەنزینی 750 دیناری بەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاسدا دابەش دەکەن، دەکەونە ناو سەنتەری شار و لە تێرمیناڵی سلێمانییەوە دوورن، شۆفێرانیش داوای چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەن.
مەمەند عەبدوڵڵا، شۆفێرێکی تاکسیی هێڵی گواستنەوەی سلێمانی بۆ قەڵادزێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە کرێی هاتوچۆ لەم هێڵەدا بەرز بووەتەوە؛ بەجۆرێک 1000 دینار چووەتە سەر کرێی پاس و تاکسی لە نێوان قەڵادزێ و سلێمانیدا، هاوکات 2000 دیناریش چووەتە سەر کرێی تاکسی لە نێوان ڕانیە و سلێمانیدا.
نزیکەی سێ مانگە نرخی بەنزینی بازرگانی بە هەر سێ جۆرەکەیەوە (سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پایتەخت میدیا، گۆڕانکارییەکانی کرێی گواستنەوە لە نێوان سلێمانی و ناوچەکانی قەڵادزێ و ڕانیە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
لە هێڵی نێوان قەڵادزێ و سلێمانیدا، کرێی گواستنەوەی پاس لە 8000 دینارەوە بۆ 9000 دینار بەرز بووەتەوە، هەروەها کرێی تاکسیش لە 12000 دینارەوە بووەتە 13000 دینار.
لە هێڵی نێوان ڕانیە و سلێمانیدا، کرێی گواستنەوەی مینیپاس لە 7000 دینارەوە زیادی کردووە بۆ 8000 دینار، هەروەک کرێی تاکسیش لە 10000 دینارەوە گەیشتووەتە 12000 دینار.