هێزەکانی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز دەستیان بەسەر ژێردەریایییەکی بێسەرنشینی پێشکەوتووی ئەمریکیدا گرت، کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بەکار دەهێنرا.
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە، لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر ژێردەریایییەکی بێسەرنشینی پێشکەوتووی ئەمریکیدا بە ناوی REMUS 600 گرتووە کە لە قووڵایی نزیکەی 600 مەتردا کار دەکات و مەودای جووڵەکەی نزیکەی 200 کیلۆمەترە. هاوکات پسپۆڕانی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران دەستیان بە شیکردنەوەی وردی ئەم ژێردەریایییە کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی سوپای پاسداران، دەکرێت لە ناوەوەی ئەم ئامێرەدا سەرجەم داتاکان، ڕێڕەوە تۆمارکراوەکان، داتاکانی سۆنار و نەخشەی جووڵەی ژێردەریایییەکە پارێزرابن، کە ئەمەش ڕەنگە زانیاریی ورد لەبارەی شێوازی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە گەرووی هورمز ئاشکرا بکات.
ئەم ژێردەریایییە بێسەرنشینە لەلایەن کۆمپانیای هایدرۆید بە هاوکاریی نووسینگەی توێژینەوەی دەریاییی ئەمریکا پەرەی پێ دراوە؛ کێشەکەی نزیکەی 320 کیلۆگرامە و درێژییەکەی 4.3 مەترە. ژێردەریایییەکە بە پاتریی لیسیۆم کار دەکات و دەتوانێت بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بە شێوەیەکی خۆکار بە خێرایی 2 مەتر لە چرکەیەکدا لەژێر ئاودا بمێنێتەوە.
هاوکات ئامێرەکە چەندین تایبەتمەندیی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت، لەوانە: سۆناری پێشکەوتوو، سیستەمی دۆزینەوەی مین، وێنەگریی ئاستبەرز، هەستەوەری دیاریکردنی ئاستەنگەکان و پێوانەکردنی ژینگەی دەریایی. سوپای ئەمریکا ئەم ئامێرەی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە گەرووی هورمزدا بەکار هێناوە.
سیستەمی REMUS 600 بەشێکە لە بەرنامەی فراوانی هێزی دەریاییی ئەمریکا بۆ مۆدێرنکردنی جەنگی ژێرئاو و لە ساڵی 2012شەوە لەلایەن ژاپۆن و چەندین وڵاتی ترەوە بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی مینە دەریاییەکان کڕدراوە.
ئەم تەکنەلۆژیایە وێڕای بەکارهێنانی لە چالاکییە سەربازییەکاندا، لە توێژینەوە زانستی و بازرگانییەکانی کەرتی ژێر دەریاشدا سوودی لێ وەردەگیرێت.