دەستپێکردنی پشکنینی تاقیگەیی لە شوێنێکی مێژووییدا ڕاگەیەندرا کە گومان دەکرێت پاشماوەی کەشتیی پێغەمبەر نووح (د.خ) لەخۆ بگرێت.
تیمێکی نێودەوڵەتی بە بەشداریی نزیکەی 20 پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا، هەڵمەتێکی نوێی کونکردن و پشکنینی ژێرزەوییان لە ناوچەیەکی شاخاویی باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی پاشماوەکانی کەشتیی پێغەمبەر نووح (د.خ) دەست پێکرد.
تیمی لێکۆڵینەوەی کەشتیی پێغەمبەر نووح (د.خ) بڵاوی کردەوە، کە پڕۆژەیەکی هەڵکۆڵین لە شوێنی دوروپینار لە نزیک چیای ئارارات ئەنجام دەدەن. پڕۆژەکە بە مۆڵەتی فەرمیی حکوومەتی تورکیا و بە سەرپەرشتیی زانستیی پرۆفیسۆر جەنکەر ئاتیلا لە زانکۆی جومهورییەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت.
ئەم تیمە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕاداری ژێرزەوییەوە، بوونی چەندین ڕێڕەو و بۆشایی لەژێر ئەم زەوییەدا بەدی کردووە، هەر بۆیە پلانیان داناوە لە ڕێگەی کونکردن و ناردنی ڕۆبۆتی تایبەتەوە نموونەی پێکهاتەکان دەربهێنن.
لۆرین وتزکی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە ڕایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئەم لێکۆڵینەوەیە پێویستییان بە 600 هەزار دۆلارە و تا ئێستا 101 هەزار و 218 دۆلاریان کۆ کردووەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 16.9%ی کۆی بودجەکە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پڕۆسەی هەڵکۆڵین لە شوێنەکەدا دەستی پێکردووە.
سەرەڕای ئەم بانگەشانە، زۆرینەی شوێنەوارناسان و پسپۆڕانی جیۆلۆجی جەخت دەکەنەوە کە ئەم شوێنە تەنیا دیاردەیەکی سروشتییە و تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستیی یەکلاکەرەوە لە گۆڤارە ئەکادیمییە باوەڕپێکراوەکاندا لەسەر سەلماندنی کەشتیی پێغەمبەر نووح (د.خ) بڵاو نەکراوەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا، ئەندرۆ جۆنز، دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری ئەمریکیی پڕۆژەکە ڕایگەیاند، ماڵەکەی تاڵان کراوە و سەرجەم کۆمپیوتەر، لاپتۆپ و میمۆرییە ئەلیکترۆنییەکانی براون، بەبێ ئەوەی دەستکاریی کەلوپەلە بەنرخەکانی تری ناو ماڵەکە بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تیمی پشکنین، پێش ڕووداوەکە کەسانێک بە زمانی ئینگلیزی هەڕەشەی کوشتنیان لە جۆنز کردبوو و هەوڵی چوونەژوورەوەیان دابوو، بەڵام هیچ داتایەکی زانستی لە دەست نەچووە، چونکە کۆپیی یەدەگی سەرجەم بەڵگەکان لە شوێنێکی پارێزراودا هەڵگیرابوو.
شوێنی دوروپینار، یەکەم جار لە ساڵی 1948 لەلایەن شوانێکی کوردەوە بە ناوی ڕەشید ساریهان بەدی کرا، دواتر لە ساڵی 1959 لەلایەن ئەفسەرێکی سوپای تورکیاوە بەفەرمی تۆمار کرا؛ پاشان یەکەم تیمی فەرمیی پشکنین لە ساڵی 1960 شوێنەکەی وەک پێکهاتەیەکی سروشتیی بێ هیچ ئاسەوارێکی مرۆیی لە قەڵەم دا.