شیرین یونسی تەمەن 20 ساڵ کە کچێکی نابیست و خاوەن پێداویستیی تایبەتە، دوای چوار ڕۆژ لە ونبوونی لە سنووری قەزای ئاکرێ، بە سەلامەتی و بە زیندوویی دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ کەسوکاری شیرین یونس ڕایانگەیاند، دوای پرۆسەیەکی بەرفراوانی گەڕان و پشکنین بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی ناوچەکە، کچەکەیان لە گەلیی گورگاڤەی سنووری ناحیەی دینارتە دۆزیوەتەوە.
بهپێی زانیارییهكان، شیرین چوار ڕۆژ لەمەوبەر لە کاتی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات لەگەڵ باوانیدا لە گوندی کادانا لەناکاو دیار نەمابوو. دەستبەجێ دوای دۆزینەوەی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی بلێ لە ناوچەی بارزان کرا بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستیی.
به گوتهی كهسوكارهكهی تەندروستیی شیرین جێگیرە و لە نەخۆشخانەی بلێ لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە تا سەرجەم پشکنینە پێویستەکانی بۆ تەواو بکرێت.
ناوچە شاخاوییەکانی سنووری دینارتە و ئاکرێ بەهۆی سەختیی جوگرافیاکەیانەوە پرۆسەی گەڕانیان ئاڵۆز کردبوو، بەڵام بەشداریی بەرفراوانی خەڵکی ناوچەکە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە دۆزینەوەیدا.