لە ناوچەیەکی سنووریی هەرێمی کوردستاندا، پڕۆژەیەکی بەرفراوانی ڕێگاوبان بە گوژمەی نزیکەی 50 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی پێنجوێن ڕایگەیاند، بە گوژمەی 12 ملیار دینار چەندین پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگەی 50 گوند لە سنوورەکەدا لە قۆناغی جێبەجێکردندان؛ بە گوتەی ناوبراو، تەواوی ئەم پڕۆژانە پێش سەری ساڵی نوێ تەواو دەکرێن و دانیشتووانی ناوچەکە لێیان سوودمەند دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو، ڕێگە دیاریکراوەکان بریتین لە: ڕێگەی وارێ بۆ 19 گوند، ڕێگەی وێنە بە درێژاییی زیاتر لە 3 کیلۆمەتر، هەروەها ڕێگەی پێنجوێن بۆ گەرمک و سەیرانبەن بە درێژاییی 40 کیلۆمەتر. هاوکات ڕێگەی دۆستەدەرە بە درێژاییی 11 کیلۆمەتر بۆ 9 گوند و ڕێگەی چیامێوە بۆ خڕنووک نۆژەن دەکرێنەوە.
جیا لەوانەش، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی پێنجوێن ڕوونی کردەوە، پڕۆژەی ڕێگەی نێوان پێنجوێن و کەوڵۆس بە درێژاییی زیاتر لە 27 کیلۆمەتر، لەگەڵ چەندین ڕێگەی لاوەکی و دروستکردنی پردێکی پەڕینەوەی پیادە لە گۆڵێ جێبەجێ دەکرێن.
یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکان، بریتییە لە دروستکردنی جووتسایدی نێوان پێنجوێن و باشماخ بە درێژاییی 10 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 35 ملیار دینار؛ لە ئێستادا 80%ی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و هەموو هەوڵێک دەدرێت ئەمساڵ کۆتاییی پێ بێت، تاکوو بخرێتە خزمەت هاتووچۆی بازرگانی و گشتی.
سنووری پێنجوێن بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە، هەمیشە بارگرانییەکی زۆری هاتووچۆی لەسەر بووە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرنگیدان بە ژێرخانی ئابووریدا، پەرەپێدانی ڕێگەکانی ئەو سنوورەی لە پێشەنگی کارەکانیدا داناوە.