سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نیگەرانی قووڵی خۆی لەبارەی جێهێشتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بەبێ دابینکردنی سیستەمی بەرگری دەردەبڕێت و دەڵێت: "بەردەوامبوونی ناسەقامگیری دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدڕاڵی."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی ئەنجامدا و ئەمرۆ بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکە دیدارەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیەوە و ڕایگەیاندووە، نووسەری ڕاپۆرتەکە دەقی لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەکو خۆی دانەناوەتەوە و زیاتر بۆچوون و لێکدانەوەی نووسەرەکە بڵاوکراوەتەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ رۆژنامەی فەینانشەڵ تایمز، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی دیدارەکە و قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڵاوکردووەتەوە، کە باسی لە چەندین پرسی جیاواز کردووە.
دەقی گرنگترین لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز:
- کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیار دایە.
- هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
- بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە.
- بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی.
- ئێمە دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکاین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەمانەوێت پەیوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان، لە نێویشیاندا ئێران هەبێت.
- پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و هەمیشە دووپاتمان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نییە لە شەڕ و ململانێ و مایەی هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەک.
- هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ساڵانێکی زۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن، کە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن دەگەڕێنەوە.
- پشتیوانیی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، عەلی زەیدی دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، داماڵینی چەکی گرووپە دەرچووەکان لە یاسا و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
- ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان.
- هەوڵ و گفتوگۆکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.