لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە پاکستان، زیاتر لە 40 کەس بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاوکردەوە، لە ناوچەی دێرا ئیسماعیل خان لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، خۆکوژێک ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە تەقەمەنی بە بازگەیەکی پۆلیسدا تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 11 کەس گیانیان لە دەست دا و نزیکەی 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وتەبێژی فریاکەوتنی پارێزگاکە و فەرماندەی پۆلیسی ناوچەکە دووپاتیان کردەوە، کە زۆربەی قوربانییەکان لە هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی ئاسایی بوون، هەروەها بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (تی‌تی‌پی) لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ.

ئەم تەقینەوەیە کە بزوتنەوەی تاڵیبانی پاکستان ئەنجامیدا، دوو ڕۆژ دوای پێکدادانی توندی نێوان هێزەکانی پاکستان و ئەفغانستان دێت، کە لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە ڕوویدا، بەپێی ڕاگەیەندراوی حکومەتـی پاکستان، ئەم پێکدادانە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 13 ئەندامی تاڵیبانی ئەفغانستان، ئیسلامئاباد بەردەوام کابول بەوە تۆمەتبار دەکات  پەناگەی بۆ چەکدارانی (تی‌تی‌پی) دابین کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرش، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.

ئاڵۆزییە نوێیەکان، هەوڵە نێوەندگیرییەکانی وڵاتانی چین، تورکیا، قەتەر و سعودیە دەخەنە بەردەم مەترسییەوە، کە بۆ هێورکردنەوە و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە نێوان هەردوو دراوسێکەدا کاریان دەکرد، ناوچەی دێرا ئیسماعیل خان کەوتووەتە نزیک وەزیرستانی باشوور، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سوپای پاکستان چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بە گرووپە چەکدارەکان لەو دەڤەرەدا ئەنجام داوە.

ئەمە یەکەم جار نییە کە هێزە ئەمنییەکانی ئەم دەڤەرە دەبنە ئامانج، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2023یشدا، ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی هاوشێوە بووەوە، کاتێک لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس، لانیکەم 23 کارمەندی ئەمنی گیانیان لە دەست دا و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش نیگەرانیی قووڵی سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست کرد.