وەزارەتی دارایی هەرێم هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی فەرمانبەرانی زیندانی سیاسی، کە لەدایکبووی ساڵانی 1965 و 1966ـن، لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ دەدات.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێژم ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی زیندانییانی سیاسی لە وەجبەکانی (9 تا 15) کە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەرن و لە دایکبووی ساڵانی (1965 و 1966)ـن، فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕێکارە پێویستەکانی دەستپێکردووە.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی بە نووسراوی فەرمی ژمارە 3488 لە ڕێکەوتی 2-9-2026 داوای کردووە ماوەی خزمەتی ئەم توێژە لە (60) ساڵەوە بۆ (65) ساڵ درێژ بکرێتەوە، تاوەکو بتوانن سوودمەند بن لە مافە قانونییەکانیان و بەردەوام بن لە خزمەتکردن.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارییدا هاتووە، لای خۆیانەوە، فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە ڕێکەوتی 24-9-2026 و بە نووسراوی فەرمی ژمارە (50407)، بابهتهکەی ئاڕاستەی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی کردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری پێویست و جێبەجێکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان لەسەر بنەمای یاسا بەرکارەکان.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو ئاسانکاری و ئیمتیازاتە قانونییانەدایە کە بۆ زیندانییانی سیاسی و قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابین کراون بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زووڵم و ستەمەی لێیان کراوە.