تەقینەوەیەک باڵەخانەیەکی لە پایتەختی یۆنان خاپوور کرد، بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان گەشتیاریی ئەمریکین.
بەرگری شارستانی یۆنان بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە ناوچەیەکی گەشتوگوزاری لە ئەسینای پایتەختی یۆنان ڕوویداوە، کە ناوچەیەکی مێژوویی و گەشتیارییە کەوتووەتە نزیک شوێنەوارەکانی ئاکرۆپۆلیس و پەرستگای زیۆس.
بەرگری شارستانی ڕوونیکردەوە، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی هەر شەش قوربانییەکەیان دۆزیوەتەوە کە لە دوو هاوسەری بەساڵاچوو و چوار گەشتیاری ئەمریکی پێکهاتبوون.
سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە، بەرگری شارستانی یۆنان ئاماژەی بەوەکرد، کە ڕووداوەکە بەهۆی دزەکردنی غازەوە بووە و بیناکانی دراوسێ و دوکانەکان زیانیان بەرکەوتووە و سەرجەمیان چۆڵکراون.
لای خۆشیەوە کیمبەرلی گێلفۆیل، باڵیۆزی ئەمریکا لە یۆنان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هاوخەمی خۆی دەربڕی و گوتی: "زۆر دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی گیان لەدەستدانی چوار هاووڵاتی ئەمریکی لە تەقینەوەکەی دوێنێی ناوەڕاستی ئەسینا."
ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک لە هاووڵاتی ناوچەکە شارەوانی و بەڕێوەبەرانی تۆڕەکانی کارەبا و غازیان لە مەترسییەکانی دزەکردنی غاز لەو ناوچەیە ئاگادار کردبوویەوە.