پۆلیسی ڕاپەڕین گەنجێکی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی ڤیدیۆی ساختەی کچێکی دەزگیراندار دەستگیر کرد.

کەمێک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، لە 10ی ئابی 2026، کچێکی دەزگیراندار لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە ڕانیە سکاڵای یاسایی لە دژی کەسێکی نادیار تۆمار کرد.

پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوە کرد، تۆمەتبارەکە دەستی بەسەر وێنەی ئاسایی کچەکەدا گرتووە و لە ڕێگەی بەرنامە زیرەکەکانەوە ڤیدیۆی نەشیاوی لێ دروست کردوون، دواتر بۆ وەرگرتنی پارە، ڤیدیۆ ساختەکەی لە چەناڵێکی تیلیگرام بڵاو کردووەتەوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دووبارەی لێ کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین، دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی فەرمانی دەستگیرکردن بەپێی مادەی دووەم لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، ناسنامە و شوێنی تۆمەتبار لە ناحیەی پیرەمەگروون دەستنیشان کرا.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانییان بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەی پۆلیسی پیرەمەگروون تۆمەتبارەکەیان بە ناوی (ف.ص.ئ)ی تەمەن 24 ساڵ دەستگیر کرد، لە کاتی پشکنینی ماڵەکەشیدا دەست بەسەر 5 موبایل، 1 کۆمپیوتەری لاپتۆپ و 7 میمۆریدا گیرا کە سەرجەم وێنە و ڤیدیۆ ساختەکارییەکانی تێدا بوو.

لە کۆتایدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونیکردەوە، تۆمەتبار لە بەردەم پۆلیس و دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.