ئۆکراینا پەرەپێدانی سیستەمی رۆبۆتی دەکاتە پێشینەی ڕێکارە نوێیەکانی جەنگ و بە هاوبەشەی لەگەڵ درۆن، هێرشی کوشندە دەکەنە سەر ڕووسیا.

لە کۆنفڕانسی مەیدانی ئای تی 2026 لە شاری لڤیڤی ئۆکراینا، میهایلۆ فێدۆرڤ، وەزیری پێشووی بەرگری ئۆکراینا و بازرگانی تەکنەلۆژیا پڕۆژەی 'سوپای ڕۆبۆت'ـی ڕاگەیاند، ئامانج لێی بەرۆبۆتکردنی جەنگ و گواستنەوەی ئەرکە مەترسیدارەکانی جەنگە لە سەربازەوە بۆ رۆبۆت.

ئەم بازرگانە ئۆکراینییە جەخت دەکاتەوە کە هەنگاوی گەورەی تەکنەلۆژیا لەدوای بەکارهێنانی ڕێژەیەکی گەورەی درۆن، بریتییە فراوانترکردنی ئەرکەکانی رۆبۆت لە ئۆپەراسیۆنە زەمیینەییەکان. بەگوتەی خۆی، رۆبۆتەکان ئەرکی گواستنەوەی سەربازی بریندار، فیشەک، دانان و هەڵگرتنی مین، بەرگریکردن لە سەنگەر و هێرشکردنە سەر ئامانجەکان دەگرنە ئەستۆ.

لە کۆنفڕانسەکەدا میهایلۆ فێدۆرڤ گووتی: "لە ساڵی 2022 پڕۆژەی 'سوپای درۆنمان' ڕاگەیاند، ئەمڕۆ درۆن 95%ـی هێرشەکانی جەنگ پێکدەهێنێت، ئۆکرایناش زیاتر لە 700 کارگەی دروستکەری درۆنی هەیە، بەڵام ئێستا پێویستمان بە تەکنەلۆژیای نوێیە، 'بەرۆبۆتکردنی جەنگ'."

وەزیری پێشووی بەرگری ئۆکراینا ئاماژەی بە فراوانی پڕۆژەکە کرد و گووتی: "بەرهەمهێنانی رۆبۆت بۆ جەنگ تەنیا لە یەک کۆمپانیا پێکنایەت، بەڵکو  دەبێتە بەشێک لە  ئیکۆسیستەمی تەکنەلۆژیای بەرگری چەندین کۆمپانیا، ئەندازیار و تیمی توێژینەوە." بەگوێرەی پلانەکە، وەبەرهێنان لە دەستپێکەکانی بەرگری دەکەن، تا پڕۆژەکانی خۆیان بنیادبنێن و دواتر ڕێژەی بەرهەمهێنان زۆر خێرا بکەن، بەشێوەیەک کاریگەری بەرچاوەی لە جەنگدا هەبێت.

ئۆکراینا هەر لە ئێستاوە بەکارهێنانی رۆبۆت لە جەنگ دەستپێکردووە و میکەیلۆ فێدۆرڤ ئاشكرای کردووە، لە شەش مانگی سەرەتا رۆبۆتەکان هێرشێکی کوشندە دەکەنە سەربازانی ڕووسیا، دواتر لە ماوەی ساڵێک دا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی درۆن و رۆبۆت دەستپێدەکەن. بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئۆکراینا، تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵ 7 هەزار ئەرکی لۆجیستی لەلایەن سیستەمی رۆبۆتییەوە ئەنجامدراون، بەشی هەرە زۆرییان بۆ گواستنەوەی فیشەک، دیاریکردنی سەنگەر، گواستنەوەی سەربازانی بریندار بووە.

لە مانگی شەشی ڕابردووش وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو، 50 مۆدێلی نوێی سیستەمی رۆبۆتی زەمینەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە جەنگ لە سەرەتای 2026ـەوە پەسەند کردووە، لە ساڵی 2025ـیش، 60 دانەیاند پەسەند کردبوو. هێزەکانی ئۆکراینا لە ئێستاوە رۆبۆت بۆ جەنگ بەکاردەهێنن، بەشێک لە سیستەمەکان چەکی بی کەی سی و هەڵدەری ڕوومانەیان پێوەیە.