یەکێک لە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی شاهانە، یەکەمین ئۆتۆمبێلی تەواو کارەباییی خۆی لە مێژووی کارکردنیدا نمایش کرد.
کۆمپانیای بێنتلی مۆتۆرز لە ڕێوڕەسمێکی نێودەوڵەتیدا لە شاری لەندەن، پەردەی لەسەر مۆدێلی 'تۆرکال' لادا. ئەم مۆدێلە یەکەمین ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایییە لە مێژووی ئەم کۆمپانیایەدا کە بەرهەم بهێنرێت. لە ناوەندی سەرەکی خۆیان لە شاری کرووی بەریتانیا بە دەست دیزاین و دروست دەکرێت، هەروەها وەرچەرخانێکی نوێ لە مێژووی براندەکەدا تۆمار دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، بەرهەمهێنانی ئەم ئۆتۆمبێلە نوێیە لە چوارچێوەی وەبەرهێنانێکی گەورەی 350 ملیۆن پاوەندیدایە لە کارگەی سەرەکیی شاری کروو، کە بەردەوامیی زیاتر لە 4 هەزار هەلی کار دەستەبەر دەکات.
لە ڕێگەی ئەم وەبەرهێنانەوە، هێڵێکی بەرهەمهێنانی پێشکەوتوو لە کۆنترین باڵەخانەی کارگەکەدا دروست کراوە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1938 دەگەڕێتەوە، هاوکات توانای کارمەندانی کۆمپانیاکە بۆ بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای کارەبایی پەرەی پێ دراوە.
لە ڕووی تواناوە، ئەم ئۆتۆمبێلە نوێیە هێزی 888 ئەسپ و 1350 نیوتن مەتری زەبری خولانەوە پێشکەش دەکات، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی زەبرە لە تەواوی مێژووی بێنتلیدا. تەنیا لە 2.8 چرکەدا خێرایییەکەی لە 0 بۆ 60 میل لە سەعاتێکدا بەرز دەبێتەوە و بە یەک بارگاویکردنەوە تا 600 کیلۆمەتر دەبڕێت، هەروەها لە ماوەی کەمتر لە 20 خولەکدا پاترییەکەی لە 10% بۆ 80% بارگاوی دەبێتەوە.
ئەم ئۆتۆمبێلە کارەبایییە نوێیەی کۆمپانیای بێنتلی، بە دوو جۆری تۆرکالی پێوانەیی و تۆرکال ئێسی وەرزشی دەخرێتە بازاڕەوە؛ لە ناوەوەشیدا کەرەستەی ژینگەدۆست، لەوانەش خوریی سروشتیی مێرینۆ بەکار دەهێنرێت.
کۆمپانیای بێنتلی لە ساڵی 1919دا لەلایەن واڵتەر ئۆین بێنتلییەوە دامەزراوە و لە ساڵی 1998ەوە بووەتە بەشێک لە گرووپی فۆڵکسڤاگن. لە ئێستاشدا بە پێنج مۆدێلی سەرەکی ئۆتۆمبێلی شاهانە، لە بازاڕەکانی جیهاندا بازرگانی دەکات.