لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری بێرمینگام، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد خەڵاتی چاردەهەمین ساڵەی ئیلهامبەخشی کۆمەڵگای پێبەخشرا.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری بێرمینگام بە ئامادەبوونی پۆڵ فۆڵکنەر، جێگری پارێزگاری وێست میدلاندز و نوێنەری پادشای بەریتانیا، خەڵاتی (14th Annual Community Inspiration Awards 2026)بەخشرایە ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد.
ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی بەخشینی خەڵاتەکەدا، د. گۆڤە ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد بە پۆشینی جلی کوردییەوە وەک یەکەمی گروپەکە بانگهێشتی سەر شانۆ کرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.
ئەم خەڵاتە ساڵانە لەلایەن دامەزراوەی (Community Foundation)ەوە ڕێک دەخرێت و کێبڕکێی تێیدا لەسەر ئاستی تەواوی ئینگلتەرایە، لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەت، پەرلەمان و پۆلیسی بەریتانیاوە پێشکەشی بەشداربووان کرا.
ئەنجوومەنی باڵای ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد دووپاتی کردەوە، ئەم خەڵاتە بەرهەمی هەڵسەنگاندنی پیشەییی لیژنەیەکی باڵایە بۆ کار و چالاکییەکانیان، هاوکات دەستکەوتەکەیان پێشکەش بە تەواوی ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا کرد.