پڕۆسەی خوێندن لە پایتەختی سعودیە بە شێوەیەکی لەناکاو کرایە ئەلیکترۆنی، ئەم هەنگاوە دوای چڕبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان دێت بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان و نیگەرانیی لای هەزاران خێزان دروست کردووە.

ئەمڕۆ ئاژانسی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی خوێندن لە ڕیازی پایتەختی سعودیە لە ڕێگەی ئیمەیلێکەوە خێزانی قوتابییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە دەرگای قوتابخانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێن و وانەکان بە شێوازی ئۆنلاین دەخوێندرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی فرانس پرێس، بەرپرسانی حکومەتی سعودیە ڕێنمایی توندیان لەبارەی داخستنی قوتابخانەکان دەرکردووە، بەڵام هیچ هۆکارێکی فەرمییان بۆ بڕیارەکە ڕوون نەکردووەتەوە، ئەم بێدەنگییە ناڕەزایەتی هاووڵاتییان و خێزانە بیانییەکانی نیشتەجێی پایتەختی سعودیە لێ کەوتووەتەوە و داوای زانیاریی زیاتر دەکەن.

ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە، لە پڕۆسەی خویندن لە سعودیە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئاسایشی کەنداو، ڕۆژێک پێش ئەم بریارەی داخستنی قوتابخانەکان، هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە ڕایگەیاند، ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی سعودیە تێکشکاندووە.

لە مانگی تەممووزەوە، هێرشی چەکدارانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر خاکی سعودیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئاگربەستی چەندین ساڵەی پێشووی لەناو بردووە، لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی حووسییەکانی کردووە و هۆشداری داوە لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل، بەتایبەت ژنان و منداڵانی نیشتەجێبووی ناوچەکە.