لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، ناوی زیاتر لە 2 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.
ئەمڕۆ سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆرمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند كه ناوی 2500 فەرمانبەری هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە بەرز کراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا وەڵامی فەرمی نەدراوەتەوە بۆ ئەوەی زەوییەکان بەسەر شارەوانییە جیاوازەکاندا دابەش بکرێن.
سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستدا، سەرپەرشتیاری تیمەکە ڕوونی کردەوە کە وەزارەتی دارایی داتا و زانیاریی تەواوی ئامادە کردووە و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە. دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنیش، وردبینی لە ناوەکاندا دەکرێت و بە هەمان مەرج و ڕێنماییی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، زەوییان پێ دەدرێت.
لەلایەکی ترەوە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاشکرای کرد کە تیمەکانیان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکانن، تاوەکوو دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی نۆیەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانیی پایتەختدا بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024دا بڕیاری پێدانی زەوی بە سەرجەم ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دا کە پێشتر سوودمەند نەبوون، دواتریش بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، پرۆسەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.