وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانی پێشوەختەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو و خۆئامادەکردن بۆ وەرزی زستان لە هەولێر و دەوروبەری دەست پێکرد.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، بڕیار لەسەر خستنەگەڕی سەرجەم تواناکان درا.

 

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە کۆبوونەوەکەدا تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕاسپێردران دەستبەجێ دەست بە پاککردنەوەی کەندە سروشتییەکان بکەن و پاشماوە، خۆڵ و خاشاکی بەردەم ڕێڕەوەکانی ئاو لابدەن.

 

هەروەها بەپێی ڕێنمایییەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرجەم تیمە تەکنیکی و مەیدانییەکان لە وەرزی بارانباریندا بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئامادەباشیدا دەبن و چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەپۆلەکانی باران، چاودێریی وردی خاڵە مەترسیدارەکان دەکەن.

 

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لە گرنگیی کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا کردەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا.

 

شاری هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە چەندین گەڕەک و ناوچەی دەوروبەریدا ڕووبەڕووی لافاو بووەوە، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چاکسازیی ئاوەڕۆ و دروستکردنی پۆند لەم ساڵانەی دواییدا، مەترسییەکانی تا ئاستێکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.