لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و دابینکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک ڕاسپاردەی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد.
ئەمڕۆ هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای بەدواداچوونی ورد بۆ کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستاندا، بڕیار دراوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ پاڵاوتن و دابینکردنی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕاسپاردەکاندا هاتووە، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بڕی شایستەی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لە هەر بارودۆخێکدا کەمیی سووتەمەنی دروست بێت، بەرهەمەکە بە یەکسانی بەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا دابەش دەکرێت؛ لەو دۆخەشدا تەرخانکردنی ئەو 50 هەزار بەرمیلە هەڵدەوەشێنرێتەوە و نەوتەکە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پابەند دەبێت بە فرۆشتنی سووتەمەنی بە نرخە پەسەندکراوەکەی حکوومەتی فیدراڵ.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دووپاتی کردەوە، لە ئەگەری پێویستی بە زیادکردنی نەوتی خاو بۆ زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پێشنیار کراوە ژمارەی دانیشتووان و بارودۆخی قەیرانەکان لەبەرچاو بگیرێن و دیاریکردنی بڕەکەش لە ڕێگەی لیژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەشی نێوان کۆمپانیاکانی پاڵاوگە و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی ڕاسپاردەکاندا، جەخت لەسەر یەکلاکردنەوەی شایستە دارایییەکان و تێچووی پاڵاوتن لەنێوان پاڵاوگەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی هەموو ساڵێکدا کراوەتەوە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی تێچووەکان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە.