ئەنجوومەنی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ناوی 22 کەس لە لیستی کوژراوانی جەنگی غەززە دەردەهێنێت، دوای ئەوەی دەرکەوت ڕۆژنامەنووس نەبوون و سەر بە بزووتنەوەی حەماس بوون.

 

ئەمڕۆ لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ناوی 22 کەس لەوانەی لە شەڕی غەززەدا کوژراون و وەک ڕۆژنامەنووس تۆمار کرابوون سڕاوەتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی پێداچوونەوەدا دەرکەوت ئەو کەسانە سەر بە حەماس بوون. بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لە لیستەکە دەرهێنراون گەیشتە 36 کەس.

 

لێژنەکە ڕوونیشی کردەوە، لەژێر ڕۆشنایی ئەم پۆلێنکردنە نوێیەدا، ئیسرائیل بەرپرسیارە لە کوژرانی 191 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی بواری میدیا لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەکەوە، چ لە ناوخۆی ئیسرائیل یان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین.

 

هەروەها لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان جەختی لەوە کردەوە کە بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی پیشەیییان، بەردەوام پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمە بڵاوکراوەکان، پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنە، ڤیدیۆ، لێدوانی کەسوکاری ڕۆژنامەنووسانی کوژراو و سەرجەم بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی دیکە دەکرێت.

 

ڕاشیانگەیاندووە کە ئیسرائیل بەرپرسیارە لە کوژرانی زۆرینەی ئەو ڕۆژنامەنووس و کارمەندە میدیایییانەی کە لە ساڵی 2023ەوە لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون.

 

لە بەرامبەردا، ئیسرائیل چەندین جار ئەو ڕەخنانەی ڕەت کردووەتەوە کە سەبارەت بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان ئاراستەی دەکرێن، بەو پێیەی ئەو کەسانە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی حەماس هەژمار دەکات.