بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، زیاتر لە 10 بیری ئاوی نوێ لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی سنووری قەزای چەمچەماڵ خرانە کار.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ بە گوژمەی 48 ملیۆن دینار، پرۆسەی ئامادەکردن و خستنەکاری 18 بیر لە سنوورەکە بە سەرکەوتوویی لەلایەن تیمە هونەرییەکانەوە جێبەجێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ، دابەشکاریی بیرەکان بەم شێوەیە دەبێت: 8 بیر لە شارەدێی تەکیەی کاکەمەند، 6 بیر لە شارەدێی شۆڕش، 3 بیر لە یەکەی ئاوی کانی شەیتان، و بیرێکیش لە شارەدێی شوان کارا کراو، بەمەش ئاستی دابەشکردنی ئاو لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەچێتە قۆناغێکی باشترەوە.
هاوکات لەگەڵ بەگەڕخستنی بیرەکان، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و بەرزکردنەوەی کوالیتیی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی 30 بوتڵ و 65 کیلۆگرام کلۆری گەیاندە سنوورەکە، لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و زیاتر لە 50%ـی کارەکانی تەواو بووە، ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 70 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و توانای دابینکردنی 3،400 مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە لە کاتژمێرێکدا بۆ زیاتر لە 480 هەزار هاووڵاتی لە سەنتەری قەزاکە و دەوروبەری.
قەزای چەمچەماڵ ساڵانێکی زۆرە بەهۆی سنوورداریی سەرچاوە ئاوییەکانەوە ڕووبەڕووی قەیرانی توندی کەمئاوی بووەتەوە، حکوومەتیش لە ڕێگەی ئەم جۆرە پڕۆژە فریاگوزاری و ستراتیژییانەوە هەوڵی دابینکردنی ئاوی بەردەوام بۆ ناوچەکە دەدات.