دوای بەدوادچوونەکەی پایتەخت میدیا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن سەبارەت بە داواکاری و کێشەکانی کارمەندانی کۆمپانیای تەڵەبات هاتە سەرهێڵ.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بە فەرمانی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتەکە لێژنەیەکی تایبەتیان بۆ بەدواداچوونی کەیسی کارمەندانی ناڕازی کۆمپانیای تەڵەبات پێکهێناوە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ لێژنەکە کاری بەدواداچوونەکانی تەواو بکات و بڕیاری پێویست سەبارەت بە کێشەی کارمەندان و مامەڵەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای تەڵەبات بدات.
بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەر لە ئەنجامی بەدوادچوونی لێژنەکە دەربکەوێت، کە سەرپێچیکار بەڕێوەبەری کۆمپانیای تەڵەبات بێت یان کارمەندەکانیان، ئەوا ڕاستەوخۆ ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دوای ئەوە هات، کە ژمارەیەک لە کارمەندانی کۆمپانیای تەڵەبات لە ڕێگەی پایتەخت میدیاوە دەنگیان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕایانگەیاند، کۆمپانیاکە مافە داراییەکانیان پێ نادات، بیانوویان پێ دەگرێت و هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لێ دەکات.
پایتەخت میدیا زانیویەتی دوای بەدواداچوون و گەیاندنی داواکاری و کێشەکانیان، کارمەندانی کۆمپانیاکە دووچاری گوشار و هەڕەشەی دەرکردن بوونەتەوە.
کۆمپانیای تەڵەبات (Talabat) پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنییە بۆ داواکردن، گەیاندنی خۆراک و شتومەکی ڕۆژانە کە لە ڕێگەی شۆفێرانی دلیڤەرییەوە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش دەکات.