قائیمقامیەتی دەربەندیخان بەهۆی زۆریی سکاڵای هاووڵاتییانەوە، بڕیاری سزادانی دارایی بۆ ئەو شۆفێرانە دەرکرد کە پێشوەختە لە وێستگەکان نۆرەی بەنزین دەگرن.

 

ئەمڕۆ قائیمقامیەتی دەربەندیخان بڵاویکردەوە، ئەم بڕیارە دوای سکاڵا و گلەییی زۆری شۆفێران و هاووڵاتییان لەسەر قەرەباڵغیی بەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی هاتووە، کە هەر شۆفێرێک پێش کاتی دیاریکراوی دەستپێکردنی دابەشکردنی بەنزین ئۆتۆمبێلەکەی لە نۆرەدا ڕابگرێت، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە.

 

لە بڕیارەکەی قائیمقامیەتی دەربەندیخان هاتووە، سزای دارایی بۆ ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بە 1 ملیۆن دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی خاوەن تابلۆ بە 30 هەزار دینار دیاری کراوە.

 

قائیمقامیەتی دەربەندیخان جەخت دەکاتەوە، ئەم ڕێکارە بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و پاراستنی ڕێکخستنی شەقامەکانی شارەکە جێبەجێ دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا قائیمقامیەتی دەربەندیخان داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات، پابەندی ڕێنماییەکان بن و لە نۆرەگرتنی پێشوەختە خۆیان بەدوور بگرن.