دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی سوودانیدا سەپاند؛ ئەمەش بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکیـی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی دژەگەندەڵیی ناوەندی بە ئامادەبوونی عالیە نوسەیف، بڕیاری 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەریدا سەپاندووە، ئەمەش بەپێی بڕگەکانی ماددەی 19ـی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوای هەموارکراوی ژمارە 30ـی ساڵی 2011.
جگە لە زیندانیکردن، سزای پێبژاردن بە بڕی 14 ملیار و 239 ملیۆن و 590 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ 12 ملیۆن و 442 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکی بۆ دەرکراوە. هاوکات جیا لە سەپاندنی پێبژاردنە داراییەکە، پێویستە تۆمەتبار بە بەهای ئەو سامانە ناڕەوایەی دەستی کەوتووە، بەگشتی نزیکەی 61 ملیار دینار بۆ حکوومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە.
دەستەی دەستپاکی ڕوونیشی کردەوە دادگا سزایەکی دیکەی بە ماوەی 3 ساڵ بەندکردنی توند بۆ ناوبراو دەرکردووە؛ ئەمەش بەهۆی شاردنەوەی زانیاریی سەروەتوسامان لە فۆڕمی ئەستۆپاکیـی داراییدا. هەروەها دادگا بڕیاری ئەوەشی داوە کە دەست بەسەر موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانی ناوبراودا بگیرێت، بۆ ئەمەش مافی داوە بە دەستەی دەستپاکی تا دوای یەکلابوونەوەی کۆتاییـی بڕیارەکە، داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.
عالیە نوسەیف جاسم عەزیز، یەکێکە لە ناسراوترین کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق؛ ناوبراو لە ساڵی 1963 لە بەغدا لەدایک بووە و خوێندنی یاسای تەواو کردووە، پێش چوونە ناو کایەی سیاسەت، لە وەزارەتی داد و بەتایبەتی لە فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە کاری کردووە.
ناوبراو لە دوای ساڵی 2003ـوە چووەتە ناو ژیانی سیاسی و بۆ ماوەی چەندین خول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، دواین جاریش لەسەر لیستی محەممەد شیاع سوودانی خۆی بەربژێر کردووە. هەروەها بە گوتە و هەڵوێستەکانی لەسەر بابەتەکانی گەندەڵی و چاودێریـی کارکردنی دامەزراوە حکوومییەکان ناسراوە.
ئەم پەرلەمانتارە لەگەڵ چەندین کەسایەتیـی دیکەی سیاسی و بازرگانی، لە ڕێکەوتی 28ـی تەمووزی ئەمساڵ، لە هەڵمەتێکدا بە ناوی 'بەرەبەیان' بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیر کرا.
هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی لێپێچینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، دەستەی دەستپاکیـی فیدراڵی ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی ناوەندی سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتارێکی دیکەش بە ناوی (ئەشواق سالم حەسەن) دەرکردووە؛ ئەمەش بە تۆمەتی هەبوونی دەستکەوتی ناڕەوا و شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەتوساماندا.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، جگە لە سزای زیندانیکردن، ئەو پەرلەمانتارە پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی بڕی دەستکەوتە ناڕەواکانی و پێدانی سزایەکی دارایی هاوتا، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە نزیکەی 12 ملیار دینار. هاوکات دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانی ناوبراوی پەسەند کردووە و قورسترین سزای بەسەردا سەپاندووە.